ته‌ندروستی

لێهاتووی پسپۆڕانی نەشتەرگەری لەگەڵ هەڵكشانی تەمەن زیاتر دەبێت

توێژینەوەیەكی نوێی ئەمریكی لەسەر كاریگەری تەمەن و پەیوەندی بە لێهاتووی پزیشكە پسپۆڕەكان ئەنجام دراوەوە و دەریخستووە لەگەڵ چونە تەمەندا، شارەزایی و لێهاتووی پسپۆڕانی بواری نەشتەرگەری زیاتر دەبێت.

توێژینەوەكە لە زانكۆی كالیفۆڕنیا ئەنجامدراوە و باسی لەوە كردووە تا تەمەنی ئەو پزیشكە زیاتر بێت كە نەشتەرگەری بۆ نەخۆشێك دەكات ئەگەری مردن كەمتر دەبێتەوە، بۆ سەلماندنی ئەوەش نمونەی چەندین نەشتەرگەری گەورە وەرگیراوە، كە لەنێوان ساڵانی 2011 بۆ 2014 ئەنجامدراوە.

ئەنجامەكان دەریانخستووە %6.6 ئەو نەخۆشانەی لەو كاتەدا لەكاتی نەشتەرگەریدا مردوون، پزیشكەكەیان تەمەن لە 40 ساڵ كەمتر بووە، بەڵام ئەو پسپۆڕانەی تەمەنیان سەروو 60 ساڵ بووە %6.3ی نەخۆشەكانیان لەكاتی نەشتەرگەریدا مردوون.

توێژینەوەكە باسی لەوەش كردووە ڕێژەی مردنیش بەپێی ڕەگەزی پزیشكە پسپۆڕەكە گۆڕانی بەسەردا هاتووە بەجۆرێك، %6.3ی ئەو نەخۆشانەی مردوون پسپۆڕی ژن نەشتەرگەری بۆ كردوون، لەبەرامبەردا ڕێژەی مردن لای پسپۆڕە پیاوەكان %6.5بووە.

تێبینی بنوسە

خوێندراوەتەوە527