زانست

رۆبۆتەكان جێگەی مرۆڤەكان دەگرنەوە

ئاییندەی مرۆڤایەتی بەپێی دوایین لێكۆڵینەوەی زانكۆی هارڤاردی ئەمریكی دەكەوێتە دەست رۆبۆتەكان، ئێستا وڵاتی ئیتاڵیا رۆبۆتێكی پیشەگەری بەرهەمهێناوە كە توانای فێربوونی زیاتری هەیە لەوەی كە بۆی دانراوە، بەڵام وەك زاناكان دەڵێن: هێشتا نەگەیشتووەتە ئەو ئاستەی كە توانای سەركردایەتی هەبێت.

هێشتا ڕۆبۆتە پێشكەوتووەكان توانای هەڵگرتنی بەرپرسیارێتییان نییە، ئەمە ئەو كێشە بەردەوامەیە كە زاناكانی بواری تەكنەلۆژیا ڕوبەڕوویان بووەتەوەو تا ئێستاش نەگەیشتوون بەهیچ ئەنجامێكی دڵخۆشكەر لەو بارەیەوە.

ڕۆبی پیپەر، یەك لەو ڕۆبۆتە پێشكەوتووانەیە كە توانای وەڵامدانەوەی پرسیاری هەیە بە زمانی ئیتالی و ئینگلیزی و ئەڵمانی.

ڕۆبی هەنگاوێكی پێشكەوتوترە لەو هەوڵانەی پێشووی خۆی كە تەكنەلۆجیای ئامێرەكان بەرهەمی هێناوە، ئێستا وەك ڕێنیشاندەرو دەرگاوانی هۆتێلە بەناوبانگەكانی ئیتالیا ئیشی پێدەكرێت، ئەم بوونەوەرە بەرهەمهاتووەی دەستی مرۆڤ تەنها توانای ڕێنوێنی گەشتیاران و تەوقەكردن و سڵاوكردنی هەیە.

ڕۆبۆتەكە لەلایەن كۆمپانیای سۆفت بانك ڕۆبۆتیكسی ژاپۆنییەوە دروستكراوەو كۆمپانیای تەكنەلۆژی جامپای ئیتاڵیش بەرنامەی بۆ داناوە.

جیاوازی ڕۆبۆتە گەشتیارییەكە بە بەراورد بە  پێش خۆی ئەوەیە كە توانای فێربوونی زیاتری هەیە لەڕێگەی ئەو پرسیارانەی كە لێی دەكرێت.

بەپێی ڕاپۆرتێكی یەكێتی نێودەوڵەتی ڕۆبۆتان، ساڵی ڕابردوو نزیكەی 79 هەزار ڕۆبۆتی پیشەگەر فرۆشراون، دامەزراوەی فرانكفۆرتی ئەڵمانی پێشبینی كردووە بۆ ساڵی 2020 فرۆشتنی ڕۆبۆتە پیشەگەرەكان بۆ لەسەدا 25 بەرزدەبێتەوە.

وا دەردەكەوێت ڕۆبۆتە پیشەگەرەكان بۆ چەند ساڵێكیتر جێگە بەدەستی كار لێژ دەكەن، ئەوانە ئێستا زیاتر بۆ بواری سەربازی و بەرگری و پزیشكی و پاككەرەوە بەكاردەهێنرێن.

ساڵی 2016 حەوت هەزارو 200 ڕۆبۆتی جۆری ڕۆبی بۆ بواری پەیوەندییە گشتییەكان فرۆشراون كە زۆربەیان لە هۆتێل و نوسینگەكان دانراون، 
ڕیچارد وندسوری سەرمایەدار لەبواری تەكنەولۆجیا لە لەندەن دەڵێت: بەكارهێنانی ڕۆبۆت ئێستا زۆر بەربڵاو نییە، بەڵام بۆ داهاتوو خەڵكی بەناچاری باوەڕی پێدەهێنن و پێویستیان پێی دەبێت.

هەروەها دەڵێت: ئێستا ئەمریكاو ژاپۆن خواستی زۆریان بۆ رۆبۆتە پیشگەرەكان هەیە، بەڵام لە وڵاتانی ئەوروپا بەو ڕادەیە نییە.

ئەوەی كە زاناكان پەرەیان پێداوە لەناو رۆبۆتەكاندا، سیستمی دووبارەبونەوەیە، واتە وەرگرتنی فرمان و وەڵامدانەوەی فرمانەكان كە پێشتر بۆیان دانراوە، بەڵام لەدەرەوەی ئەو سیستمە، رۆبۆتەكان شتێكی تریان نییە بیكەن و فرمان و بڕیارەكان لەخۆیانەوە دەربچێت.

زاناكان مەترسی ئەوەشیان خستووەتەڕوو ئەگەر ڕۆبۆتەكان فرمان بكەوێتە دەست خۆیان، ئەوە لەژێر كۆنترۆڵی مرۆڤەكان دەردەچن ، بەوەش جەنگێكی مەترسیدار لەسەر گۆی زەوی سەرهەڵدەدات كە ئەویش شەڕی سەركردایەتیكردنی ئەم جیهانەیە كە ئێستا مرۆڤ حاكمەكەیەتی.

بەپێی ڕاپۆرتێكی زانكۆی هارڤاردی ئەمریكی، پەرەپێدانی ڕۆبۆتە پیشەگەرەكان ئاماژەیەكی مەترسیدارە بۆسەر ئاییندەی مرۆڤایەتی، بەوپێیەی مرۆڤ لەداهاتوودا دەبێتەوە كۆیلەی ئەو شتانەی كە خۆی دروستیكردوون، هەروەها جیهان بەرەو ئەوە دەچێت كە تەكنەلۆژیا سەركردایەتی دەكات.


تێبینی بنوسە

خوێندراوەتەوە1190