ته‌ندروستی

پرۆتینێک رێگری لە زیادبوونی خانەکانی شێرپەنجەی جگەر دەکات

نەخۆشی شێرپەنجەی جگەر یەكێكە لە جۆرە بڵاوەكانی شێرپەنجە و ساڵانە چەندین كەس دەكاتە قوربانی، دۆزینەوەیەكی نوێ هیوا بۆ توشبووانی ئەو نەخۆشییە دەگێڕێتەوە.

چەند پسپۆڕێكی زانكۆی بازلی سویسرا توێژینەوەیەكی نوێ لەسەر نەخۆشی شێرپەنجەی جگەر ئەنجامدەدەن و جۆرە پرۆتینێك دەدۆزنەوە كە لەتوانایدایە قۆناغەكانی گەشەی نەخۆشییەكە هێواش بكاتەوە و كاتێكی زیاتر كەسی توشبوو لە ژیاندا بهێڵێتەوە.

گۆڤاری نیچەر كە ئەنجامی توێژینەوەكەی بڵاوكردۆتەوە، ئەوەی خستۆتەروو، ئەو پرۆتینە بە ئیڵ ئێچ بی بی ناسراوەو ڕێگری لەو زۆربونە ناڕێك و نەگونجاوەی خانە شێرپەنجەییەكانی جگەر دەكات كە لەكاتی توشبوون بە نەخۆشییەكە ڕوودەدات.

سەرپەرشتیارانی توێژینەوەكە بەراوردكارییەكیان بۆ چوار هەزار پرۆتینی خانەكانی جگەری چەند مشكێكی تاقیگە كردووە، كە بەشێكیان تەندروست بوون و بەشێكی دیكەیان توشبووی شێرپەنجەی جگەر بوون.

پسپۆڕەكان ئاماژەیان بەوە كردووە، لەكاتی گەشەی خانە شێرپەنجەییەكانی جگەر و توشبوون بە نەخۆشییەكە، بەرهەمهێنانی پرۆتینی ئیڵ ئێچ بی بی كەمدەبێتەوە، بۆیە پێویستە لەڕێی ڕێگای جینییەوە دووبارە بەرهەمبهێنرێتەوە، بەمەش هیوای ژیان بۆ توشبووان دەگەڕێتەوە.

سرافانت هندۆبۆر كە سەرپەرشتنی تیمی توێژینەوەكەی كردووە ڕایدەگەیەنێت، پرۆتینەكە بەشێوەیەكی زۆر لە جگەری تەندروستدا هەیە، بەڵام بەهیچ جۆرێك لەسەر جگەری كەسانی توشبوو بە نەخۆشی نەخۆشییەكە بەدی ناكرێت.

ئەو پسپۆڕە باسی لەوەش كردووە، دوای ئەو ئەنجامانەی لەپشكنینی سەر مشكەكان دەركەوتووە، پشكنینیان بۆ چەند كەسێكی توشبوو بە شێرپەنجەی جگە ئەنجامداوە و هەمان ئەنجامی هەبووە.

خاڵێكی دیكەی بەهێزی پرۆتینەكە یارمەتی توێژەرەكان دەدات تا تاقیكردنەوەی چارەسەری زیاتر لەسەر نەخۆشییەكە ئەنجام بدەن و ئەنجامەكانیان بۆ ڕوونتر بێتەوە.
شێرپەنجەی جگەر، زیاتر توشی كەسانی بەتەمەن دەبێت بە تایبەت ڕەگەزی نێر‌و تا قۆناغێكی درەنگ دەرناكەوێت بۆیە بەشێكی زۆر لە توشبووانی نەخۆشییەكە گیان لەدەست دەدەن، بەپێی ئامارەكانی ڕێكخراوی تەندروستی جیهانیش شێرپەنجە جگەرە دووەم هۆكاری مردنە لەنێو جۆرەكانی شێرپەنجەدا و ساڵانە نزیكەی 790 هەزار كەس بەهۆیەوە گیانلەدەست دەدەن.

تێبینی بنوسە

خوێندراوەتەوە725