ئابووری

KNN داهاتی‌ مانگانه‌ی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ئاشكراده‌كات

هه‌رێم مانگانه‌ به‌ نه‌وت ‌و داهاتی‌ ناوخۆ زیاتر له‌ 650 ملیار دیناری‌ ده‌ستده‌كه‌وێت
به‌غدا 317 ملیار دیناری‌ بۆ موچه‌ی‌ فه‌رمانبه‌ران ناردوه‌
به‌ پاره‌كه‌ی‌ به‌غداوه‌ هه‌رێم 967 ملیار دیناری‌ له‌به‌رده‌ستدایه‌
داهاتی‌ ئێستای‌ هه‌رێم به‌شی‌ موچه‌ی‌ بێ‌ پاشه‌كه‌وتی‌ فه‌رمانبه‌ران ده‌كات
ئه‌و دوو موچه‌یه‌ی‌ له‌ 2018 دراوه‌ داهاتی‌ ساڵی‌ 2017یه‌



به‌پێی‌ به‌دواداچونه‌كانی‌ KNN داهاتی‌ نه‌وت ‌و ناوخۆی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌گه‌ڵ ئه‌و پاره‌یه‌ی‌ به‌غدا ناردویه‌تی‌ به‌شی‌ موچه‌ی‌ بێ‌ پاشه‌كه‌وتی‌ فه‌رمانبه‌ران ده‌كات، به‌ڵام حكومه‌تی‌ هه‌رێم به‌رده‌وامه‌ له‌ سزادانی‌ فه‌رمانبه‌ران ‌و جێبه‌جێكردنی‌ سیسته‌می‌ پاشه‌كه‌وتی‌ موچه‌.

به‌پێی‌ ئه‌و ژمارانه‌ی‌ KNN له‌ چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌كی‌ ئاگادار له‌ داهات ‌و خه‌رجی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ده‌ستیكه‌وتووه‌، ئه‌وه‌نده‌ پاره‌ له‌ خه‌زێنه‌ی‌ حكومه‌تدایه‌ كه‌ به‌بێ‌ پاشه‌كه‌وت موچه‌ی‌ فه‌رمانبه‌ران بدات.


هه‌رێم بۆ موچه‌ی‌ بێ‌ پاشه‌كه‌وت چه‌ندی‌ پێویسته‌
حكومه‌ت 3 به‌یاننامه‌‌و 3 ژماره‌ی‌ جیاوازی‌ له‌سه‌ر موچه‌ی‌ بێ‌ پاشه‌كه‌وت بڵاوكردوه‌ته‌وه‌
یه‌كه‌میان ده‌ڵێت بۆ موچه‌ پێویستیان به‌ 860 ملیار دیناره‌
له‌ دووه‌میان ده‌ڵێت پێویستیان به‌ 975 ملیار دیناره‌
دواهه‌مین به‌یاننامه‌ باسی‌ 900 ملیار دینار ده‌كات
 بۆ پاشه‌كه‌وت حكومه‌ت ده‌ڵێت پێویستی‌ به‌ 590 ملیار دیناره‌



هه‌ر كام له‌م ژمارانه‌ی‌ حكومه‌ت ڕاست بێت، ئه‌وا داهاتی‌ مانگانه‌ی‌ نه‌وت ‌و داهاتی‌ ناوخۆ له‌گه‌ڵ ئه‌و پاره‌یه‌ی‌ به‌غدا ناردویه‌تی‌ به‌شی‌ موچه‌ ده‌كات.


نه‌وت ‌و داهاته‌كه‌ی‌
حكومه‌تی‌ هه‌رێم رۆژانه‌ زیاتر له‌ 300 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت هه‌نارده‌ ده‌كات
مانگی‌ رابردو 370 هه‌زار به‌رمیل هه‌نارده‌كراوه‌
نرخی‌ به‌رمیلێك نه‌وت له‌سه‌روو 60 دۆلاره‌وه‌یه‌
داهاتی‌ مانگانه‌ی‌ نه‌وت 550 ملیار دیناره‌
داهاتی‌ ناوخۆ 100 ملیار دیناره‌
حكومه‌تی‌ ناوه‌ندی‌ 317 ملیار‌و 540 ملیۆن دیناری‌ ناردوه‌
كۆی‌ گشتی‌ داهاته‌كه‌ ده‌گاته‌ 967 ملیار دینار


له‌ سه‌ره‌تای‌ ساڵی‌ 2018ه‌وه‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم یه‌ك نیوه‌ موچه‌ی‌ داوه‌‌و ناوه‌ڕاستی‌ ئه‌م هه‌فته‌یه‌ش ده‌ستیكرد به‌ موچه‌یه‌كی‌ دیكه‌، به‌پێی‌ زانیارییه‌كانی‌ KNN هه‌ردوو موچه‌كه‌ له‌ داهاتی‌ ساڵی‌ 2017 دابینكراوه‌‌و تا ئێستا چاره‌نوسی‌ داهاتی‌ 2018 نادیاره‌.

له‌سه‌ره‌تای‌ قه‌یرانی‌ داراییه‌وه‌ به‌رده‌وام گومان له‌ هه‌نگاوه‌كانی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم ده‌كرێت، درێژه‌دان به‌ سزادان ‌و برسیكردن، وه‌ك سیاسه‌ت ‌و به‌رنامه‌ی‌ جێگیری‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم سه‌یری‌ ده‌كرێت.

نزیكه‌ی‌ چوار ساڵه‌ قه‌یرانێكی‌ دارایی‌ به‌سه‌ر خه‌ڵكی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان سه‌پێندراوه‌، حكومه‌ت له‌ ساڵی‌ 2015ه‌وه‌ سیسته‌می‌ پاشه‌كه‌وتی‌ سه‌پاند، به‌و شێوه‌یه‌ش نه‌یتوانیوه‌ موچه‌ی‌ ته‌واوی‌ فه‌رمانبه‌ران بدات ‌و هه‌ر رۆژه‌ی‌ بیانویه‌ك بۆ درێژه‌دان به‌ سیسته‌می‌ پاشكه‌وت ده‌دۆزێته‌وه‌.

تێبینی بنوسە

خوێندراوەتەوە623