ئابووری

ئاسنی پاشماوه‌ی جه‌نگ له‌ موسڵه‌وه‌ بۆ هه‌ولێر ده‌گوازرێته‌وه‌

ڕۆژانه‌ 100 بارهه‌ڵگر ئاسن له‌ موسڵه‌وه‌ بۆ هه‌ولێر ده‌گوازرێته‌وه‌‌

به‌هۆی‌ شه‌ڕی‌ چه‌كدارانی‌ داعش، بڕێكی‌ زۆر له‌ ئاسن و ته‌قه‌مه‌نی‌ له‌ موسڵ بڵاوبووه‌ته‌وه‌، ئێستا بۆ دوباره‌ تواندنه‌وه‌، رۆژانه‌ نزیكه‌ی‌ به‌ 100 بارهه‌ڵگر ئاسن بۆ هه‌ولێر ده‌گوازرێته‌وه‌ تا له‌ كارگه‌كان بتوێنرێنه‌وه‌ و كه‌ره‌سته‌ی‌ بیناسازییان لێدروست بكرێت و جارێكی‌ دیكه‌ ره‌وانه‌ی‌ موسڵ بكرێنه‌وه‌. 

موسڵ شارێك له‌ پاشماوه‌ی‌ شارستانییه‌ كۆنه‌كانه‌وه‌ بۆ پاشماوه‌كانی جه‌نگ، جه‌نگێك نزیك به‌ نۆ مانگی خایاند بۆ ده‌رپه‌ڕاندنی چه‌كدارانی داعش كه‌ نزیكه‌ی‌ سێ‌ ساڵ ئه‌و شاره‌یان داگیر كردبوو.

له‌ بازگه‌ی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان له‌ خاڵی پشكنینی خازر كه‌ نزیكه‌ له‌ڕووباری خازر، به‌سه‌دان بارهه‌ڵگری پڕ له‌ ئاسن و پاشماوه‌كانی‌ جه‌نگ نۆره‌یانگرتووه‌ بۆ په‌ڕینه‌وه‌ و گه‌یاندنی‌ باره‌كانیان به‌ كارگه‌كانی‌ ئاسن له‌ هه‌ولێر.

به‌رگری زۆری چه‌كدارانی‌ داعش له‌ موسڵ و شه‌ڕی كۆڵان به‌كۆڵان و به‌كارهێنانی دوایین كارته‌كان، شه‌ڕه‌كه‌ی سه‌خت و قورس و درێژتركرده‌وه‌، بۆیه‌ ئه‌و شاره‌ ئێستا له‌ ستالینگرادی روسیا ده‌چێت كه‌ به‌ شه‌ش مانگ شه‌ڕ وێران بوو.

بوونی پاشماوه‌یه‌كی زۆر له‌ باڵه‌خانه‌ و خانووی ڕووخاو و ئاسن و ته‌قه‌مه‌نی‌ و پاشماوه‌یه‌كی‌ زۆری‌ جه‌نگ، وایكردووه‌ ئه‌و شاره‌ له‌ زبڵخانه‌یه‌ك بچێت به‌تایبه‌ت به‌ری راستی شاره‌كه‌.

ساڵح عه‌بدوڵا – شۆفێر، وتی؛ به‌هۆی ئه‌و ئاسنانه‌وه‌ ئێستا ده‌توانین پارووی نان بۆ خانه‌واده‌كانمان په‌یدا بكه‌ین، هه‌فتانه‌ یه‌ك بار ئاسن له‌ مووسڵه‌وه‌ بۆ هه‌ولێر ده‌به‌ین، سه‌رچاوه‌ی رزق و رۆزییمان له‌سه‌ر باركردنی ئه‌م پاشماوانه‌یه‌ كه‌ له‌ هه‌ولێر دایانده‌نێین. پاشماوه‌یه‌كی زۆر له‌ ئاسنه‌كان له‌هه‌موو شوێندا هه‌ن، بازرگانه‌كان ئه‌و ئاسنانه‌ كۆده‌كه‌نه‌وه‌و به‌ئێمه‌ی ده‌گوزانه‌وه‌. ئه‌وه‌ی ئێستا ده‌كرێت بۆ شاری مووسڵیش باشه‌ سه‌رباری ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیی بازرگانیی نێوان هه‌ردوو پارێزگای نه‌ینه‌وا و هه‌ولێر باش ده‌كات.

ئاسنه‌كان له‌ پاشماوه‌كانی خانووه‌ رووخاوه‌كان، ئۆتۆمبیله‌كان‌و ئه‌و پارچه‌ ئاسنانه‌ی تریش كه‌ ئێستا له‌ موسڵدا كه‌ڵكی لێ وه‌رناگیرێت، كۆده‌كرێنه‌وه‌و ده‌هێنرێن بۆ هه‌ولێر و له‌كارگه‌ی تواندنه‌وه‌ی ئاسن جارێكی دیكه‌ ده‌كرێنه‌ كه‌ره‌سته‌ی بیناسازی وه‌ك شیش و بۆ موسڵ ره‌وانه‌ ده‌كرێنه‌وه‌.

تێبینی بنوسە

خوێندراوەتەوە1144