ئابووری

عه‌لی حه‌مه‌ساڵح به‌دواداچونێك له‌باره‌ی كاره‌ نایاساییه‌كه‌ی حكومه‌ت بڵاوده‌كاته‌وه‌

عه‌لی حه‌مه‌ساڵح، ئه‌ندامی فراكسیۆنی گۆڕان له‌ په‌رله‌مانی كوردستان له‌ به‌دواداچونێكیدا كه‌ وێنه‌ی چه‌ند پسوڵه‌یه‌كی كۆكردنه‌وه‌ی باج و گومرگی له‌ هاوڵاتیان تێدایه‌، ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كۆمپانیای راسپێدراو سه‌رانه‌ له‌خه‌ڵك وه‌رده‌گرێت.

له‌ به‌دواداچونه‌كه‌دا هاتوه‌؛ "سێ گومرگی نایاسایی دانراوه‌، ڕۆژانه‌ سه‌دان هه‌زار دۆلار سه‌رانه‌ له‌ بازرگانه‌کان وه‌رده‌گرن و ئه‌مه‌ش جگه‌ له‌ گه‌نده‌ڵی و نایاسایی بوونی، بارگرانی له‌سه‌ر بازاڕو بازرگان دروستکردوه‌".

عه‌لی ئه‌وه‌ش ئاشكرا ده‌كات؛ به‌ڕێوه‌به‌رێتی گومرگ له‌ هه‌رێم جه‌ختیان له‌وه‌ كردوه‌ته‌وه‌ ئه‌و سه‌رانه‌ و باجه‌ی كۆده‌كرێته‌وه‌ نایه‌ته‌وه‌ ناو خه‌زێنه‌كه‌یان و به‌ نایاسایی له‌ بازرگانان ده‌سه‌نرێت.

ئاماژه‌ به‌و شوێنانه‌ش ده‌كات كه‌ به‌شێوه‌ی نایاسایی سه‌رانه‌ له‌ بازرگاكان وه‌رده‌گرێت؛ وه‌كو:
یه‌که‌م: ڕێگای سه‌رگه‌ڕان -دیبه‌گه‌، شه‌قامی کوبیان..
دووه‌م: گومرگی نایاسایی دووه‌م له‌سه‌ر ڕێگای خازر دانراوه‌.  
سێیه‌م: له‌ نزیک فیشخابور بۆ سوریا دانراوه‌.


ده‌قی راگه‌یاندراوه‌كه‌:

بۆ /سه‌رۆکایه‌تی حکومه‌ت 
بابه‌ت/ دانانی گومرگی نایاسایی (سه‌رانه‌) له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانه‌وه‌

ماوه‌ی چه‌ند ڕۆژێکه‌ به‌ دواداچونێکی وردم کردوه‌و به‌ناوی کۆمپانیاوه‌ پاره‌یه‌کی زۆر وه‌رده‌گیرێت وه‌ك گومرگ، له‌لایه‌ک ئه‌م کاره‌ ١٠٠٪ نایاساییه‌و له‌ لایه‌کی دیکه‌ش پاره‌که‌ی بۆ چه‌ند به‌رپرسێکی ده‌سه‌ڵاتداره‌.  
سێ گومرگی نایاسایی دانراوه‌، ڕۆژانه‌ سه‌دان هه‌زار دۆلار سه‌رانه‌ له‌ بازرگانه‌کان وه‌رده‌گرن و ئه‌مه‌ش جگه‌ له‌ گه‌نده‌ڵی و نایاسایی بوونی، بارگرانی له‌سه‌ر بازاڕو بازرگان دروستکردوه‌. 
کۆمپانیایه‌ک ته‌نیا به‌ وه‌سڵێکی کۆمپانیاکه‌و له‌ده‌ره‌وه‌ی به‌ڕێوبه‌رایه‌تی گومرگ سه‌رقاڵی وه‌رگرتنی پاره‌یه‌. 
له‌گه‌ڵ به‌ڕێوبه‌ری گشتی گومرگدا قسه‌مکردووه‌و وتوویه‌تی په‌یوه‌ندی به‌ گورگه‌وه‌ نیه‌و داهاتی بۆ ئێمه‌ نیه‌ و نایاساییه‌و ئێمه‌ش دژی ئه‌و کاره‌ین. 
بڕی پاره‌که‌ که‌ له‌ بارهه‌ڵگرو ئۆتۆمبیله‌کان وه‌رده‌گیرێت زۆره‌، له‌و وه‌سڵه‌ی کۆمپانیاکه‌ ده‌یدات بڕی پاره‌که‌ی له‌سه‌ر نیه‌.  
به‌ پسوڵه‌یه‌کی ناڕه‌سمی که‌ هی حکومه‌ت نیه‌، هه‌ر تانکه‌رێک سوته‌مه‌نی بێته‌ نێو هه‌رێمی کوردستان له‌ ١٥٠٠ دۆلار وه‌ بۆ که‌متری لێوه‌رده‌گیرێت، ڕۆشتنی هه‌ر تانکه‌رێک بۆ ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم ٣٠٠ دۆلار وه‌رده‌گیرێت  
گرنگ نیه‌ تانکه‌ره‌که‌ش چه‌ند ته‌ن باری تێدایه‌. 
بۆ بارهه‌ڵگری چیمه‌نتۆو ئارد و کاشی و هه‌موو کاڵایه‌ک سه‌رانه‌ وه‌رده‌گیرێت له‌ ١٠٠٠ دۆلاره‌وه‌ تا ٥٠ هه‌زار دینار.. 
ئه‌و سێ شوێنه‌ گومرگی نایاسایی(سه‌رانه‌) ی لێوه‌رده‌گیرێت...
یه‌که‌م: ڕێگای سه‌رگه‌ڕان -دیبه‌گه‌، شه‌قامی کوبیان..
دووه‌م: گومرگی نایاسایی دووه‌م له‌سه‌ر ڕێگای خازر دانراوه‌.  
سێیه‌م: له‌ نزیک فیشخابور بۆ سوریا دانراوه‌.
داواکارم... له‌ زوترین کاتدا ئه‌م کاره‌ نایاساییه‌ لاببه‌ن و ئه‌وه‌ی ئه‌م کارانه‌ی کردووه‌ ئیجرائاتی له‌گه‌ڵ بکرێت.  
بێده‌نگی ئێوه‌ له‌ ئاست ئه‌م کاره‌ ئاماژه‌یه‌کی مه‌ترسداره‌. 


عه‌لی حه‌مه‌ ساڵح




تێبینی بنوسە

خوێندراوەتەوە8311