ئابووری

هه‌ڵتۆقین و ده‌ركه‌وتنی زۆرێك له‌ ملیاردێره‌كان ناعه‌داله‌تییه‌

له‌ هه‌رێمدا به‌ قه‌د نۆ وڵات ملیاردێر هه‌یه‌‌

یه‌كێك له‌ سیما دیاره‌كانی چه‌ند ساڵی رابردووی ئابوری هه‌رێمی كوردستان هه‌ڵتۆقین و ده‌ركه‌وتنی هه‌ندێك ملیاردێر و ملیۆنێره‌ كه‌ به‌راورد به‌ وڵاته‌ هه‌ره‌ گه‌شه‌كردووه‌ ئابورییه‌كان و له‌چاو دۆخی سه‌ختی ژیان و گوزه‌رانی خه‌ڵك ئه‌م له‌پڕ ده‌وڵه‌مه‌ندبوونه‌ ئاسایی نابینرێت، ئایا گه‌شه‌كردنی گه‌نده‌ڵی و نه‌بوونی چاودێری و به‌فیڕۆدانی سامانی گشتی و خراپ به‌كارهێنانی ده‌سه‌ڵات په‌یوه‌ندی به‌م دیارده‌یه‌وه‌ هه‌یه‌ ؟ له‌م راپۆرته‌دا شرۆڤه‌ی ئه‌م دۆخه‌ ده‌كه‌ین.

له‌ هه‌رێمی كوردستاندا به‌ قه‌د ژاپۆن و سعودیه‌ و هێنده‌ی نۆ وڵاتی ئه‌وروپا ملیاردێر هه‌یه‌، له‌و كۆمه‌ڵگایانه‌ش كه‌ كشتوكاڵ و پیشه‌سازی و گه‌شتوگوزار له‌ ئاستێكی نزمدان و پشت به‌ داهاتی نه‌وت ئه‌به‌ستن، ده‌ركه‌وتن و هه‌ڵتۆقینی ملیاردێری زۆر نیشانه‌ی ناعه‌داله‌تیه‌ له‌ دابه‌شكردنی سامانی نیشتیمانیدا.

له‌و كۆمه‌ڵگایانه‌ی چاودێریكردن لاوازه‌، ده‌سه‌ڵاتداران مامه‌ڵه‌ به‌ دارایی گشتیه‌وه‌ ئه‌كه‌ن، ئه‌وا ملیاردێر دروست ده‌بن و به‌رهه‌می پروسه‌ی تاڵانكردنه‌ و سه‌رمایه‌كه‌شیان به‌شێك نابێت له‌ ئابووری نیشتیمانی، به‌ڵكو ده‌بێته‌ به‌شێك له‌ وێرانكردنی كۆمه‌ڵگا.

به‌ گوێره‌ی ئاماره‌كانی یه‌كێتی وه‌به‌رهێنه‌ران له‌ هه‌رێمدا 30 ملیاردێر و ده‌ هه‌زار و  800  ملیۆنێر هه‌یه‌، ئه‌م ژماره‌یه‌ زیاتره‌ له‌ ژماره‌ی ملیادێره‌كانی چه‌ند وڵاتێكی گه‌وره‌، به‌ گوێره‌ی لیستی سالێ 2013 ی ملیاردێره‌كانی جیهان، وڵاتێكی وه‌ك ژاپۆن كه‌ دووه‌م هێزی ئابووریی جیهانه‌، ژماره‌ی ملیاردێره‌كانی ته‌نها 22 ملیاردێره‌، سعودیه‌ كه‌ وڵاتێكی نه‌وتییه‌ ته‌نها 8 ملیاردێری هه‌یه‌، كویت كه‌ هێمای خۆشگوزه‌رانیه‌، ته‌نها 5 ملیاردێری هه‌یه‌، هۆڵه‌ندا ته‌نها 6 ملیاردێری هه‌یه‌، ژماره‌ی ملیاردێره‌كانی كوردستان هاوتایه‌ به‌ ژماره‌ی ملیاردێره‌كانی نۆ وڵاتی ئه‌وروپا، كه‌ بریتین له‌: دانمارك، فنله‌ندا، یۆنان، ئێرلاندا، هۆڵه‌ندا، پورتوگال، رۆمانیا، قوبرس و چیك.

ئه‌وانه‌ی پێیان وابوو ده‌ركه‌وتنی ملیاردێر له‌ كوردستاندا سروشتییه‌ و ئاماژه‌یه‌ بۆ بوژانه‌وه‌ی ئابووری وڵات و پته‌وكردنی ژێرخانه‌كه‌ی، به‌ خۆشحاڵییه‌وه‌ مژده‌ی زیادبوونی ملیاردێر و ملیونێریان ئه‌دا، هه‌ڵه‌بوون، چونكه‌ ملیاردێر و ملیۆنێره‌كان به‌رهه‌می پێشكه‌وتنی  به‌رهه‌مهێنانی ناوخۆ نه‌بوون، به‌ڵكو  به‌رهه‌می تاڵانكردنی سامانی نه‌وت بوو،  ئه‌نجامی ده‌ستبه‌سه‌راگرتنی  كۆمپانیاكان و سه‌رمایه‌داره‌كانی حزب بوو به‌سه‌ر بازاڕ و چالاكی ئابووریدا، ئه‌نجامی نه‌بوونی چاودێری بوو به‌سه‌ر كاری كۆمپانیاكانه‌وه‌ بۆ به‌رژه‌وه‌ندی گشتی و مافی هاوڵاتی.

ئێستا كه‌ قه‌یرانی دارایی هه‌یه‌ و چالاكیه‌ ئابورییه‌كان ته‌واو لاوازبوون، بوژانه‌وه‌ی ئابووریش له‌ سه‌رجه‌م كه‌رته‌كانی به‌رهه‌مهێنان رێژه‌ی به‌شداریكردنیان كه‌متره‌ له‌ 5% و  زیاتر 95%  پشتی به‌ داهاتی نه‌وت به‌ستووه‌، له‌ ساڵی 2007 ه‌وه‌ تا 2013به‌رزترین رێژه‌ی به‌رهه‌مهێنانی ناوخۆیی تێكرای كه‌رته‌ ئابوورییه‌كانی هه‌رێم، به‌هه‌ردوو بواری خزمه‌تگوزاری و به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ كه‌متر بووه‌ له‌ 5% ی كۆی داهاتی نیشتیمانی، ئه‌وه‌ روون ئه‌بیته‌وه‌ كه‌ دۆخی به‌رهه‌مهێنانی ناوخۆی هه‌رێم له‌ ئاستێكی زۆر نزمدایه‌، كه‌واته‌ ئه‌م ملیاردێر و ملیۆنێرانه‌ له‌كوێ هاتوون و ئه‌و هه‌موو سامانه‌یان له‌كوێ ده‌ستكه‌وتووه‌، له‌ كاتێكدا كه‌ حكومه‌ت توانای نیه‌ چاره‌كه‌ موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران بدات و ده‌ستیكردووه‌ به‌ وه‌رگرتنی باج و رسومات له‌ پیشه‌وه‌ران و دوكانداران و كاسبكارانی سه‌رشه‌قام. 

 بێگومان له‌و نا دادپه‌روه‌رییه‌ گه‌وره‌یه‌وه‌ دێن كه‌ له‌ دابه‌شكردنی سامانی نیشتمانی ئه‌م وڵاته‌دا هه‌یه‌، له‌ ده‌ستبه‌سه‌راگرتنی ده‌سه‌ڵاتی سیاسیه‌وه‌ دێن به‌سه‌ر نه‌وتدا، كه‌ به‌ كه‌ڵك وه‌رگرتن له‌ ده‌سه‌ڵاتی سیاسیه‌وه‌ ده‌ستی به‌سه‌ر داهاتی نه‌وتدا گرتووه‌ و  به‌شێكی گرنگی ئه‌م داهاته‌ی خستۆته‌ خزمه‌ت كۆمپانیاكانیانه‌وه‌، به‌ پاره‌ی بێ شوماری نه‌وت ته‌واوی چالاكیه‌ ئابورییه‌كانی قۆرخكردووه‌، بازرگانی نه‌وت و به‌ قاچاخبردن و به‌ تالانبردنی سیمایه‌كی دیاری ئه‌م جۆره‌ حوكمرانییه‌یه‌،  ئیدی له‌ هه‌لومه‌رجێكی له‌مشێوه‌یه‌دا ده‌یان ملیاردێر و هه‌زاران ملیۆنێر دروست ئه‌بن، هه‌ژاره‌كان هه‌ژارتر و زیاتر ده‌بن و ده‌وڵه‌مه‌ند و سه‌رمایه‌داره‌ ده‌ست له‌پشته‌كانیش ده‌وڵه‌مه‌ندتر ئه‌بن.

تێبینی بنوسە

خوێندراوەتەوە658