ئابووری

KNN به‌دواداچوون بۆ قه‌رزه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم ده‌كات

حكومه‌تی هه‌رێم له‌ 721 ملیار دینار قه‌رزی لای بازرگانه‌كان ته‌نها 16 ملیاری وه‌رگرته‌وه‌‌

حكومه‌تی هه‌رێم باج به‌سه‌ر هاوڵاتیانی كه‌م ده‌رامه‌تدا ده‌سه‌پێنێت و  كه‌چی ناتوانێت قه‌رزه‌كانی له‌سه‌ر سه‌رمایه‌داران وه‌ربگرێته‌وه‌، و به‌پێی زانیاریه‌كانی KNN  له‌ كۆی 721 ملیار دینار ته‌نها توانیوه‌تی‌ 16 ملیار دینار وه‌ربگرێته‌وه‌، KNN به‌دواداچوون بۆ بڕی قه‌رزه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم ده‌كات و به‌پێی زانیاریه‌كانیش ئه‌و پرسه‌ خاڵێكی ناكۆكی نێوان هه‌ولێر و به‌غدایه‌...

حكومه‌تی هه‌رێم كه‌ چه‌ند ساڵێكه‌ كه‌ خه‌ڵكی كوردستانی دووچاری چه‌ندین قه‌یران كردووه‌ و ده‌یه‌وێ له‌ رێگه‌ی سه‌پاندنی باج و ده‌ستبردن بۆ گیرفانی خه‌ڵك كێشه‌كان چاره‌سه‌ربكات..

ئه‌م هه‌نگاوه‌ی‌ حكومه‌ت له‌ كاتێكدایه‌ خۆی 721 ملیار دیناری به‌ سوی ساڵانه‌ی 8% بۆ15%ی به‌ قه‌رز داوه‌ به‌ سه‌رمایه‌داران، سه‌ره‌ڕای هه‌موو كێشه‌كان ته‌نیا 16 ملیاری وه‌رگرتوه‌ته‌وه‌، تا ئێستاش بڕی قه‌رزه‌كه‌ و كۆی سوده‌كه‌ی نازانرێت چه‌نده‌ كه‌ حكومه‌ت ناتوانێت وه‌ریبگرێته‌وه‌.

رۆژی 1ی تشرینی یه‌كه‌می ساڵی 2016 ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێم قۆناغی دووه‌می چاكسازی راگه‌یاند، و له‌ یه‌كێك له‌ بڕیاره‌كاندا هاتووه‌، سه‌رجه‌م ئه‌و كۆمپانیا و بازرگان و كه‌سانه‌ی به‌هه‌رشێوه‌یه‌ك بێت قه‌رزی بازرگانیان له‌ بانكه‌ بازرگانیه‌كانی حكومه‌ت وه‌رگرتووه‌ و ماوه‌ی دانه‌وه‌یان به‌ پێی گرێبه‌ست به‌سه‌رچووه‌ پێویسته‌ له‌ ماوه‌ی یه‌ك مانگدا ئه‌و قه‌رزه‌ بۆ حكومه‌ت بگه‌ڕێننه‌وه‌ به‌پێچه‌وانه‌وه‌ بارمته‌كانیان  ده‌فرۆشرێت، ئه‌و بڕیاره‌ی حكومه‌ت له‌ كاتێكدابوو ده‌بوایه‌ سه‌ره‌تای ساڵی 2016 ئه‌و وه‌به‌رهێن و به‌ڵێنده‌رانه‌ قه‌رزه‌كان بده‌نه‌وه‌ به‌حكومه‌ت چونكه‌ مۆڵه‌ته‌كه‌یان ته‌واوببوو.

ئه‌گه‌رچی یه‌ك ساڵ و سێ مانگ به‌سه‌ر ئه‌و بڕیاره‌ی حكومه‌تدا تێده‌په‌رێت به‌ڵام به‌پێی زانیاریه‌كانی KNN له‌كۆی 721 ملیار دیناری حكومه‌ت ته‌نها 16 ملیار دیناری وه‌رگرتوه‌ته‌وه‌ و 705 ملیار دیناری لای بازرگان و به‌ڵێنده‌ران و وه‌به‌رهێنه‌ران هه‌یه‌ و له‌ماوه‌ی یه‌ك ساڵ و سێ مانگی رابردوودا وه‌ری نه‌گرتوه‌ته‌وه‌ و موڵكی هیچ قه‌رزدا و به‌لێنده‌رێكیشی نه‌فرۆشتوه‌.

KNN زانیویه‌تی به‌شێك له‌و قه‌رزانه‌ به‌هه‌ره‌مه‌كی و ته‌نانه‌ت به‌بێ هیچ بارمتیه‌ك دراون به‌ كه‌سانی نزیك له‌ به‌رپرسه‌ باڵاكانی  ئه‌وه‌ش بووه‌ به‌هۆی ئه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران نه‌توانێت هیچ رێكارێكی یاسایی دژی ئه‌و كه‌سانه‌ بگرێته‌ به‌ر، ته‌نانه‌ت رێژه‌ی سوی سه‌ر ئه‌و قه‌رزانه‌ش جیاوازه‌ و له‌ نێوان 8% بۆ 15% دایه‌.

به‌پێی به‌دواداچوونێكی KNN  حكومه‌تی هه‌رێم بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ بڕی ئه‌و قه‌رزانه‌ی له‌سه‌ریه‌تی نزیكه‌ی 17 ملیار دۆلاره‌ به‌و شێوه‌یه‌ی خواره‌وه‌.

7 ملیار دۆلار قه‌رزی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم
دوو ملیار و 800 ملیۆن دۆلار قه‌رزی بانكه‌ ئه‌هلییه‌كان
یه‌ك ملیار دۆلار قه‌رزی به‌ڵێنده‌ران كه‌ پرۆژه‌یان جێبه‌جێكردووه‌
شه‌ش ملیار دۆلاری بانكه‌كانی ده‌ره‌وه‌ و كۆمپانیاكانی نه‌وت 


له‌ به‌رامبه‌ردا حكومه‌تی هه‌رێم 6 ملیار و 700 ملیۆن دۆلاری وه‌ك قه‌رز لای هاوڵاتیانه‌ كه‌ وه‌ك پێشینه‌ی نیشته‌جێبوون و هاوسه‌رگیری و پێشینه‌كانی تر پێی داون.

به‌پێی زانیاریه‌كان بڕی قه‌رزه‌كانی سه‌ر حكومه‌تی هه‌رێم خاڵێكی ناكۆكی نێوان هه‌ولێر و به‌غدایه‌ به‌جۆرێك به‌رپرسانی حكومه‌تی ئیتحادی ده‌ڵێن ئه‌وان پابه‌ندنین به‌دانه‌وه‌ی قه‌رزه‌كانی سه‌ر هه‌رێم و به‌رپرسانی هه‌رێمیش ده‌ڵێن حكومه‌تی ناوه‌ندی 130 ملیار دۆلار قه‌رزی وه‌رگرتووه‌ و 17 ملیار دۆلاره‌كه‌ی هه‌رێم ده‌كاته‌ 15% قه‌رزه‌كانی سه‌ر عێراق و ده‌بێت به‌غداد له‌سه‌ر رێكاره‌كانی دانه‌وه‌ی ئه‌و قه‌رزه‌ له‌گه‌ڵیان رێكك بكه‌وێت.


تێبینی بنوسە

خوێندراوەتەوە1089