ئابووری

حكومه‌تی‌ هه‌رێم خشته‌ی‌ وه‌رگرتنی‌ باج و ڕسومات و كرێی‌ فرێدانی‌ خۆڵ و خاشاكی‌ بڵاوكرده‌وه‌

حكومه‌تی هه‌رێم باج و رسوماتی دیاری كرد و چه‌ند باجێكی نوێشی سه‌پاند، ده‌شڵێت هه‌ر هاوڵاتیه‌ك پابه‌ند نه‌بێت سزا ده‌درێت، یاسا ناسێكیش ده‌ڵێت بڕیاره‌كه‌ی حكومه‌ت قه‌ره‌قوشیه‌ و پێشێلكردنێكی تری ده‌ستوری عێراقه‌ له‌لایه‌ن هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌، ئه‌ندامێكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانیش ده‌ڵێت پێویسته‌ پاره‌ بۆ خه‌ڵكی كوردستان په‌یدا بكرێت نه‌ك لێییان بسه‌ندرێت.

حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بڕیاری ژماره‌ی 126ی ساڵی 2017ی ده‌ركرد، و له‌ رۆژنامه‌ی وه‌قائیعی كوردستانیش به‌ ژماره‌ 219 بڵاوكرایه‌وه‌، له‌و بڕیاره‌دا حكومه‌تی هه‌رێم باج و رسوماتی دیاریكرد، ژماره‌یه‌ك باجیشی له‌سه‌ر هاوڵاتیان زیادكرد.

 ئه‌و باجانه‌ی حكومه‌ت زیادیكردوون:
باجی فرێدانی خۆڵ و خاشاك كه‌ مانگانه‌ له‌ سێ هه‌زاره‌وه‌ بۆ 150 هه‌زار دیناره‌ به‌مشێوه‌یه‌:
سه‌وزه‌ فرۆشه‌كان له‌ 10 هه‌زاره‌وه‌ بۆ 15 هه‌زار دینار
ماست فرۆشه‌كان 10 هه‌زار دینار
عه‌ره‌بانه‌ی سه‌ر شۆسته‌كان 10 هه‌زار دینار
ترشیات فرۆشه‌كان له‌ 20 هه‌زاره‌وه‌ بۆ 25 هه‌زار دینار
ئارد فرۆشه‌كان 10 هه‌زار دینار
ئه‌و شوێنانه‌ی كه‌ حاویه‌یان نیه‌ له‌ 3 هه‌زاره‌وه‌ تا 7 هه‌زار
دوكانی گه‌س و فه‌لافل له‌ 10 هه‌زاره‌وه‌ بۆ 15 هه‌زار دینار
ماسی فرۆش و گۆشت فرۆش له‌ 20 هه‌زاره‌وه‌ بۆ 25 هه‌زار دینار
 كارگه‌ و نه‌خۆشخانه‌ ئه‌هلییه‌كان مانگانه‌ 150 هه‌زار دینار

ره‌سمی هه‌ڵواسینی تابلۆ مانگانه‌ له‌ 20هه‌زاره‌وه‌ بۆ 125 هه‌زار دیناره‌ :
تابلۆی یه‌كه‌می سه‌ر شوێنی كاره‌كه‌ 30 هه‌زار دینار ساڵانه‌ بۆ یه‌ك مه‌تر دووجا 
تابلۆی تری سه‌ر بیناكان و ته‌نیشت بیناكان 20 هه‌زار دینار ساڵانه‌ بۆ یه‌ك مه‌تر دووجا 
ره‌سمی ریكلام 125 هه‌زار دینار ساڵانه‌ بۆ یه‌ك مه‌تر دووجا
تابلۆی كۆمپانیاكان له‌سه‌ر زه‌وی 120 هه‌زار دینار ساڵانه‌ بۆ یه‌ك مه‌تر دووجا
كرێی گۆڕه‌پانی فرۆشتنی ئاژه‌ڵ  500  بۆ هه‌زار دیناره‌ بۆ هه‌ر سه‌رێك ئاژه‌ڵ

حكومه‌تی هه‌رێم رێنمایی بۆ چه‌ندین باج و رسوماتی تر وه‌ك كرێی قیرتاوكردن و كۆنكرێتی شۆسته‌ و به‌كارهێنانیان ده‌ركردووه‌، ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران ده‌ڵێت ئه‌م باجانه‌ به‌رێككه‌وتنی نێوان هه‌ردوو وه‌زاره‌تی دارایی و شاره‌وانی دیاریكراون و ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران په‌سه‌ندی كردوون، هه‌روه‌ها ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران هۆشداری داوه‌ته‌ هاوڵاتیان له‌ نه‌دانی باج و ده‌ڵێت به‌پێی یاسای داهاتی شاره‌وانیه‌كان مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ سه‌رپێچی كار ده‌كه‌ن.

 حاكم له‌تیف شێخ مسته‌فا پسپۆری یاسای له‌ نوسینێكدا رایگه‌یاندووه‌ بڕیاره‌كه‌ی حكومه‌ت ده‌رباره‌ی باج قه‌ره‌قوشیه‌، و پێشێلكردنی ده‌ستوری عێراقه‌ به‌و پێیه‌ی له‌ ماده‌ی 28ی ده‌ستور له‌بڕگه‌ی یه‌ك و دوو دا هاتووه‌ نابێت هیچ باجێك یان رسوماتێك بسه‌پێندرێت یان هه‌مواربكرێت یان كۆبكرێته‌وه‌ و ببه‌خشرێت ئه‌گه‌ر به‌یاسا نه‌بێت، ئه‌گه‌ر به‌یاساش ده‌ربچێت نابێت كاریگه‌ری له‌سه‌ر لانی كه‌می پێداویستی ژیان هه‌بێت.

 حاكم له‌تیف شێخ مسته‌فا ده‌شڵێت: ئه‌و بڕیاره‌ی حكومه‌ت و هه‌موو بڕیاره‌كانی پێشووتری هاوشێوه‌ كه‌ به‌یاسا ده‌رچوون وه‌ك سه‌پاندنی غه‌راماتی هاتوچۆ، هه‌موویان ناده‌ستورین و پوچه‌ڵن، داواشی له‌ په‌رله‌مانتارانی كورد له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران كردووه‌ له‌ دادگای فیدراڵی تانه‌ له‌و بڕیاره‌ بده‌ن و هه‌ڵیوه‌شێننه‌وه‌، داواشی له‌خه‌ڵك كردووه‌ پابه‌ند نه‌بن به‌و بڕیاره‌ سه‌یر و سه‌مه‌رانه‌وه‌.

هاوكات هۆشیار عه‌بدوڵا ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق رایگه‌یاند زیادكردنی باج له‌سه‌ر هاوڵاتیانی هه‌رێم له‌لایه‌ن ئه‌م كابینه‌ شكستخواردوه‌ی هه‌رێمه‌وه‌ به‌شێوه‌یه‌كی نایاسایی درێژه‌دانه‌ به‌ سیاسه‌تی برسیكردنی خه‌ڵك، ده‌شڵێت پارتی و یه‌كێتی دوای ریفراندۆم له‌لایه‌ن حكومه‌تی ئیتحادیه‌وه‌ تا دێت سه‌رچاوه‌كانی تاڵانكردنی داهاتیان له‌ نه‌وت و گومرگ و فرۆكه‌خانه‌كان لێكه‌م ده‌كرێته‌وه‌، ده‌یانه‌وێت له‌سه‌ر حسابی گیرفانی خه‌ڵك به‌ناوی باجه‌وه‌ پاره‌ بۆ خۆیان و حزبه‌كانیان په‌یدا بكه‌ن، ده‌شڵێت خه‌ڵكی كوردستان  ئێستا پێویسته‌ پاره‌یان بۆ دابینبكرێت نه‌ك لێیان بسه‌ندرێت به‌ناوی زیادكردن و رێكخستنی باجه‌وه‌.


تێبینی بنوسە

خوێندراوەتەوە15911