ئابووری

موچه‌خۆران ساڵیادی ده‌ستپێكردنی پاشه‌كه‌وتی موچه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌

نرخی نه‌وتیش به‌رزبووه‌وه‌ پاشه‌كه‌وت هه‌ر كۆتایی نه‌هات‌

موچه‌خۆران و فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان له‌ دۆخێكی نادیار و هاوكات له‌گه‌ڵ ئاهه‌نگی سه‌ری ساڵی نوێ له‌ وڵاتان، ساڵیادی ده‌ستپێكردنی پاشكه‌وتی زۆره‌ملێی موچه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌، كه‌ دوو ساڵ له‌مه‌وبه‌ر حكومه‌ت ده‌ستی پێكرد و به‌ڵێنی دابوو كه‌ به‌ به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی نه‌وت كۆتایی پێ بێنێ، به‌ڵام ئێستا حكومه‌ت حه‌وت موچه‌ی ساغ و بیست و یه‌ك سێچاره‌كه‌ مووچه‌ قه‌رزاری موچه‌خۆرانه‌، كاتێكیش له‌ كۆنفرانسه‌ رۆژنامه‌وانییه‌كاندا ده‌بینرێن، كه‌س هه‌ست ناكات مێشێك میوانیانبێت.

له‌ ساڵیادی پاشه‌كه‌وتی موچه‌دا، حكومه‌ت حه‌وت موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران و موچه‌خۆران قه‌رزاره‌ و هیچ پلانێكیشی نیه‌ بۆ چۆنیه‌تی دانه‌وه‌ی ئه‌و قه‌رزه‌ و كۆی ئه‌و موچه‌یه‌ی به‌ ناوی پاشكه‌وته‌وه‌ بڕیوه‌.

چه‌ند مانگێك له‌مه‌وبه‌ر، هه‌ندێ حزب په‌رله‌مانیان كاراكرده‌وه‌ و به‌ڵێنی ئه‌وه‌یاندا، كه‌ ئامانجی سه‌ره‌كی كاراكردنه‌وه‌كه‌ باشكردنی بژێوی خه‌ڵك و پێداچوونه‌وه‌یه‌ به‌ سیستمی پاشه‌كه‌وتی زۆره‌ملێی موچه‌، به‌ڵام دوای ئه‌وه‌ی كاری خۆیان به‌ په‌رله‌مان كرد هێشتا بابه‌تی بژێوی خه‌ڵك و پاشه‌كه‌وتی موچه‌ نه‌بونه‌ته‌ ته‌وه‌ری دانیشته‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان.

له‌سه‌ره‌تای ساڵی 2016 ه‌وه‌، حكومه‌تی هه‌رێم، به‌ بیانوی قه‌یرانی دارایی و له‌ ده‌ره‌نجامی شكستی ئابوریی سه‌ربه‌خۆ و فرۆشتنی سه‌ربه‌خۆی نه‌وت و بڕینی بودجه‌ له‌ به‌غداوه‌ و قووڵبوونه‌وه‌ی قه‌یرانه‌كان و پشتگوێخستنی ژێرخانی ئابوری و بێپلانی، به‌ بیانوی دابه‌زینی نرخی نه‌وت بۆ 25 دۆلار له‌ بازاڕه‌كانی جیهاندا، سیستمی پاشه‌كه‌وتی موچه‌ی به‌سه‌ر موچه‌خۆران و فه‌رمانبه‌راندا سه‌پاند.

حكومه‌تی هه‌رێم له‌سه‌ره‌تای نه‌خۆشكه‌وتنی به‌ قه‌یرانی دارایی، موچه‌ی مانگه‌كانی نۆ و ده‌ و یانزه‌ و دوانزه‌ی ساڵی 2015ی خسته‌ سیستمی پاشكه‌وته‌وه‌، به‌ڵێنی به‌ موچه‌خۆراندا به‌ داهێنانی پاشه‌كه‌وت بتوانێ مانگانه‌ موچه‌ دابین بكات، به‌ڵام به‌ كۆتاییهاتنی ساڵی 2017 ته‌نیا توانی نۆ چاره‌كه‌ موچه‌ی بدات، له‌وه‌ش ناچێ چاره‌نووسی ساڵی داهاتووی موچه‌دانی حكومه‌تی هه‌رێم له‌ دوو ساڵی رابردوو باشتربێت.

به‌پێی سیستمی پاشه‌كه‌وتی موچه‌، حكومه‌ت مانگانه‌ له‌ نێوان سه‌دا بیست بۆ سه‌دا حه‌فتاوپێنج له‌ فه‌رمانبه‌ران ده‌بڕێت و تا ئه‌مڕۆش كه‌ دووساڵ به‌سه‌ر سه‌پاندنی ئه‌و سیستمه‌، كه‌ هاوڵاتیان به‌ سته‌م ناوی ده‌به‌ن تێپه‌ڕده‌بێ، حكومه‌تی هه‌رێم هیچ رێكارێكی بۆ چۆنیه‌تی دانه‌وه‌ی ئه‌و پاشه‌كه‌وته‌ نیه‌.

خه‌م و سته‌می پاشه‌كه‌وتی موچه‌ ته‌نیا بریتی نیه‌ له‌ پاشه‌كه‌وتی زۆره‌ملێ، به‌ڵكو ئێستا به‌ كۆتاییهاتنی ساڵی 2017، حكومه‌تی هه‌رێم حه‌وت موچه‌ی ته‌واوه‌تی فه‌رمانبه‌ران و رێژه‌ زۆره‌كه‌ی به‌ناو پاشه‌كه‌وتی چاره‌نووس نادیار قه‌رزاره‌.

سه‌ره‌تای ساڵی داهاتوو، موچه‌خۆران دووه‌مین ساڵیادی تێپه‌ڕبوونی سیستمی شوومی پاشه‌كه‌وتی موچه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كه‌ ئێستا نرخی نه‌وت له‌ بازاڕی جیهانیدا بۆ سه‌روو په‌نجا دۆلار به‌رزبۆته‌وه‌ و یه‌ك به‌شه‌ریش نازانێ ئه‌م حكومه‌تی هه‌رێمه‌ چه‌ند نه‌وت ئه‌فرۆشێ و داهاتی چه‌نده‌ و دووساڵیشه‌ به‌بێ پرۆژه‌ بودجه‌ ساڵ ده‌كاته‌وه‌.

حكومه‌تی هه‌رێم، سه‌ره‌ڕای ئه‌و قه‌یرانه‌ی دروستی كردووه‌ و ده‌ستی بۆ گیرفانی خه‌ڵك بردووه‌ و مووچه‌ی به‌ ناڕه‌وا بڕیون و پاشه‌كه‌وتی چاره‌نووس نادیاری به‌سه‌ردا سه‌پاندوون، به‌ڵێنی دابوو كه‌ به‌ به‌رزبوونه‌وه‌ی به‌های نه‌وت كۆتایی به‌ سیستمی پاشه‌كه‌وت بێنێ، یان هه‌ر هیچ نه‌بێ گۆڕانكاری تێدابكات، به‌ڵام ئێستا ئه‌وه‌ به‌گوێی موچه‌خۆراندا ئه‌چرپێنێ كه‌ ساڵی داهاتوو توانای پێدانی ئه‌و چاره‌كه‌ موچه‌یه‌شی نه‌بێ.

حكومه‌تی هه‌رێم كه‌ له‌ سیاسه‌تی ئابوریدا به‌ته‌واوه‌تی شكستی هێناوه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ژیانی هاوڵاتیانی سه‌ختكردووه‌ و زۆربه‌ی هه‌ره‌زۆری پرۆژه‌ خزمه‌تگوزارییه‌كان وه‌ستاون، هه‌وڵیدا به‌ داهێنانی سیستمی بایۆمه‌تری كه‌مێك له‌ بارگرانی سه‌رموچه‌ كه‌مبكاته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌ویش جێبه‌جێكرا و هێشتا تروسكایی ئومێدێك له‌ باشكردنی بژێوی موچه‌خۆران دیارنیه‌. 

تێبینی بنوسە

خوێندراوەتەوە1255