هەمەڕەنگ

له‌سه‌ر داوای‌ ده‌زگا ئه‌منییه‌كان ئینته‌رنێت و تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان له‌ سلێمانی ڕاگیراون

كۆمپانیاكان نامه‌یان بۆ به‌شداربووان ناردوه‌ كه‌ ده‌زگا ئه‌منییه‌كان كاره‌كانیان ڕاگرتوون ‌

به‌هۆی‌ خۆپیشاندانی‌ جه‌ماوه‌ریی شارو ناوچه‌ جیاوازه‌كانی‌ هه‌رێم و له‌سه‌ر داوای‌ ده‌زگا ئه‌منیه‌كان ئینته‌رنێت و تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان له‌ سلێمانی ڕاگیراون و ناوبه‌ناو ده‌كرێنه‌وه‌. 

له‌ شه‌وی‌ رابردوه‌وه‌ سه‌رجه‌م هێڵه‌كانی ئینته‌رنیت له‌ پارێزگای سلێمانی و شار و شارۆچكه‌كانی ده‌وروبه‌ری ڕاگیراون و ناو به‌ناو ده‌كرێنه‌وه‌ و دواتر راده‌گیرێنه‌وه‌, له‌ ئێواره‌ی ئه‌مڕۆشه‌وه‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی فه‌یسبوك و مه‌سنجه‌ر و ئینستاگرام چه‌ندین جار ڕاگیراون.

كۆمپانیاكانی بواری ئینته‌رنێت له‌ به‌ره‌به‌یانی ئه‌مڕۆوه‌ نامه‌یان بۆ به‌شداربوانیان ناردوه‌و ئاگاداریان كردونه‌ته‌وه‌ كه‌ له‌سه‌ر داوای ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی‌ هه‌رێم و ده‌زگا ئه‌منییه‌كان له‌به‌ر ئاڵۆزیی دۆخه‌كه‌ هێڵه‌كانی ئینته‌رنێت راده‌گرن.

فه‌یسبوك ده‌وه‌ستێنرێت
به‌ پێی‌ زانیاریی‌ به‌شی‌ (IT)ی‌ كه‌ناڵی‌ KNN، له‌ ئێستادا به‌شی‌ وێبی‌ تۆڕی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ فه‌یسبووك، له‌لایه‌ن كۆمپانیاكانی‌ ئینته‌رنێته‌وه‌ بلۆك كراوه‌.

كۆمپانیاكانی‌ ئینته‌رنێت، (DNS)ی‌ فه‌یسبووكیان له‌ ناو  پڕاوسه‌ره‌كانیاندا بلۆك كردووه‌، به‌ هۆیه‌وه‌ ناتوانرێت فه‌یسبوك له‌سه‌ر براوسه‌ره‌كانی‌ كۆمپیوته‌ر و مۆبایله‌ زیره‌كه‌كاندا بكرێته‌وه‌.

تێبینی بنوسە

خوێندراوەتەوە4200