هەمەڕەنگ

كچێكی عێراقی به‌شداری هه‌ڵبژاردنی شاجوانی گه‌ردوون ده‌كات

ساره‌ عیدان كه‌ كچێكی عێراقی دانیشتووی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانه‌، به‌ ناوی عێراقه‌وه‌ به‌شداری هه‌ڵبژاردنی شاجوانی گه‌ردوون ده‌كات، ئه‌مه‌ش به‌ یه‌كه‌م به‌شداری خانمێكی عێراق داده‌نرێت له‌و پێشبڕكێیه‌دا دوای زیاتر له‌ 45 ساڵ.

بڕیاره‌ ڕۆژی 26 ئه‌م مانگه‌ ئاهه‌نگی هه‌ڵبژاردنی شاجوانی گه‌ردون له‌ شاری لاس ڤێگاس ئه‌مریكا ئه‌نجام بدرێت و له‌ پێشبڕكێكه‌شدا ساره‌ عیدان وه‌ك شاجوانی عێراق به‌شداری ده‌كات، ئه‌مه‌ش دوای ئه‌وه‌ی نازناوه‌كه‌ له‌ ڤیان سلێمانی سه‌ندرایه‌وه‌ به‌هۆی پابه‌ند نه‌بونی به‌یاساكانی هه‌ڵبژاردنی شاجوانه‌وه‌.

ساره‌ی ته‌مه‌ن 27 ساڵ، ساڵی ڕابردوو له‌ پێشبڕكێیه‌كدا وه‌ك شاجوانی عێراق له‌ ئه‌مریكا دیاریكراوه‌ و دوای سه‌ندنه‌وه‌ی نازناوه‌كه‌ش له‌ ڤیان سلێمانی لیژنه‌ی هه‌ڵبژاردنی شاجوان له‌ عێراق وه‌ك شاجوانی وڵات دیارییان كردووه‌.

ئه‌و كچه‌ خاوه‌نی چه‌ند گۆرانییه‌كه‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی توانای شیعر نوسین و ژه‌نینی چه‌ند ئامێرێكی میوزیكی هه‌یه‌.

دواین به‌شداری عێراق له‌ هه‌ڵبژاردنی شاجوانی گه‌ردوندا ساڵی 1972 بوو كاتێك وجدان سلێمان كه‌ خه‌ڵكی به‌غداد بوو به‌شداری پێشبڕكێكه‌ی كرد.


تێبینی بنوسە

خوێندراوەتەوە2855