وه‌رزش

نه‌یمار دا سیلڤا به‌بێ‌ ئه‌وه‌ی‌ ڕاهێنان ئه‌نجامبدات یانه‌ی‌ به‌رشه‌لۆنه‌ی‌ به‌جێهێشت

نه‌یمار دا سیلڤای‌ به‌رازیلی‌ ئه‌مڕۆ په‌یوه‌ندی‌ به‌ یانه‌ی‌ به‌رشه‌لۆنه‌وه‌ كرده‌وه‌ به‌ڵام دوای‌ چه‌ند خوله‌كێك به‌بێ‌ ئه‌وه‌ی‌ راهێنان ئه‌نجامبدات یانه‌كه‌ی‌ به‌جێهێشت.

ئه‌مرۆ یانه‌ی‌ به‌رشه‌لۆنه‌ له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی‌ وه‌رزشی‌ خوان گامبه‌ری‌ تایبه‌ت به‌ خۆی‌ راهێنانه‌كانی‌ ده‌ستپێكرده‌وه‌و نه‌یمار دا سیلڤای‌ به‌رازیلی‌ دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ دوێنێ‌ له‌ شاری‌ دوبه‌ی‌ گه‌رایه‌وه‌ كه‌ته‌لۆنیا په‌یوه‌ندی‌ به‌ یانه‌كه‌وه‌ كرده‌وه‌.

رۆژنامه‌نوسان له‌به‌رده‌م باره‌گای‌ یانه‌ی‌ به‌رشه‌لۆنه‌دا وه‌ستابون و وێنه‌ی‌ نه‌یماریان گرت له‌ كاتی‌ چونی‌ بۆ یانه‌كه‌، به‌ڵام دوای‌ چه‌ند خوله‌كێك جارێكی‌ تر وێنه‌ی‌ ئه‌و یاریزانه‌یان بڵاوكرده‌وه‌ كه‌ یانه‌كه‌ی‌ به‌جێهێشت.

سه‌رچاوه‌كانی‌ هه‌واڵ هه‌ریه‌كه‌و به‌ شێوه‌یه‌ك هه‌واڵه‌كانیان بڵاوكردۆته‌وه‌، رادیۆی‌ كه‌ته‌لۆنیا بڵاویكردۆته‌وه‌ نه‌یمار دوای‌ ماڵئاوایكردن له‌ یاریزانان ریزی‌ یانه‌ی‌ به‌رشه‌لۆنه‌ی‌ به‌جێهێشتووه‌و پێی‌ راگه‌یاندوون په‌یوه‌ندی‌ به‌ پاریس سانجێرمانه‌وه‌ ده‌كات.

له‌لایه‌كی‌ تره‌وه‌ یانه‌ی‌ به‌رشه‌لۆنه‌ له‌ تویته‌ر بڵاویكردۆته‌وه‌ نه‌یمار ئه‌مڕۆ راهێنانی‌ ئه‌نجامنه‌داوه‌و ڤالڤێردی‌ راهێنه‌ر رێگه‌ی‌ پێداوه‌ راهێنانه‌كان به‌جێبهێڵێت.

ماركاش نوسیویه‌تی‌، نه‌یمار له‌ راهێنانه‌كان دواكه‌وتووه‌ ئه‌وه‌ش وای‌ له‌ ڤالڤێردی‌ كردووه‌ نه‌هێڵێت راهێنان ئه‌نجامبدات.

لیكیپی‌ فه‌ڕه‌نسیش نوسیویه‌تی‌، نه‌یمار ته‌نها بۆ ماڵئاوایكردن له‌ یاریزانان و ده‌سته‌ی‌ راهێنه‌ران چۆته‌ شوێنی‌ راهێنانه‌كان و دوای‌ ماڵئاوایكردن یانه‌كه‌ی‌ به‌جێهێشتووه‌.

رۆژنامه‌ی‌ گاردیانی‌ به‌ریتانیش بڵاویكردۆته‌وه‌، ڤالڤێردی‌ راهێنه‌ر پشوویه‌كی‌ كراوه‌ی‌ به‌ نه‌یمارداوه‌ تا گفتوگۆكانی‌ له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی‌ یانه‌كه‌ یه‌كلایی‌ ده‌كاته‌وه‌و داهاتووی‌ خۆی‌ دیاری ده‌كات.

تێبینی بنوسە

خوێندراوەتەوە405