وه‌رزش

سه‌رۆكی‌ یانه‌ی‌ قوه‌ جه‌وییه‌ و هاوسه‌ره‌كه‌ی‌ و سێ‌ منداڵی‌ كوژران

سه‌رۆكی‌ یانه‌ی‌ قوه‌ جه‌وییه‌ی‌ عێراقی‌ له‌لایه‌ن ژماره‌یه‌ك چه‌كداری‌ نه‌ناسراوه‌وه‌ له‌ به‌غدا هێرشكرایه‌ سه‌ری‌ و خۆی‌ و هاوسه‌ره‌كه‌ی‌ و سێ‌ منداڵی‌ كوژران.

ئێواره‌ی‌ دوێنێ له‌ ناوچه‌ی‌ مه‌نسور له‌ خۆرئاوای‌  به‌غدا ژماره‌یه‌ك چه‌كداری‌ نه‌ناسراو هه‌ڵیان كوتایه‌ سه‌ر ماڵی‌ عه‌قید به‌شیر فازل حه‌مدانی‌ سه‌رۆكی‌ یانه‌ی‌ قوه‌ جه‌وییه‌ و خۆی‌ و هاوسه‌ره‌كه‌ی‌ و سێ‌ منداڵیان كوشت.

به‌ پێی‌ قسه‌ی‌ به‌رپرسانی‌ ئه‌منیی‌ عێراق دوای‌ هێرشه‌كه‌ چه‌كداره‌كان هه‌ڵهاتون و  هێزێكی‌ ئه‌منیش ناوچه‌كه‌ی‌ گه‌مارۆداوه‌ و ته‌رمی‌ كوژراوه‌كانیش ڕه‌وانه‌ی‌ پزیشكی‌ داد كراون  پۆلیسیش دۆسییه‌كی‌ بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ روداوه‌كه‌ كردوه‌ته‌وه‌.

ئه‌مه‌ جاری‌ یه‌كه‌م نیه‌ له‌ عێراق وه‌رزشكاران و به‌رپرسانی‌ یانه‌ وه‌رزشییه‌كان روبه‌روی‌ هێرش وكوشتن ده‌بنه‌وه‌‌و محه‌مه‌د یوسفی‌  سه‌رۆكی‌ یانه‌ی‌ گازی‌ باكوریش له‌ كه‌ركوك تیرۆركرا‌و سه‌رۆكی‌ لیژنه‌ی‌ ئۆڵمپیش فڕێندرا‌و تاكو ئێستاش چاره‌نوسی‌ دیاری نیه‌.


تێبینی بنوسە

خوێندراوەتەوە2736