وه‌رزش

ڕۆجێر فێدرێر به‌ره‌و نۆزده‌یه‌م نازناوی‌ گراندسلام هه‌نگاو ده‌نێت

رۆجێر فێدرێری سویسری له‌ هه‌نگاو نان به‌ره‌و هه‌شته‌م نازناوی‌ پاڵه‌وانێتیی ویمبڵدۆن و نۆزده‌یه‌م نازناوی گراندسلام به‌رده‌وامه‌و له‌ دوانیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ له‌ یاریی كۆتایی پاڵه‌وانێتیی تێنسی سه‌رزه‌وی ویمبڵدۆن ڕووبه‌ڕووی مارین سیلیچی كڕواتی ده‌بێته‌وه‌، یارییه‌كه‌ بۆ فێدرێر تایبه‌ته‌و له‌ كاتی‌ بردنه‌وه‌یدا جگه‌ له‌وه‌ی دێته‌ پله‌ی سێیه‌می ریزبه‌ندی باشترینه‌كان، ده‌شبێته‌ خاوه‌نی‌ ژماره‌ی پێوانه‌یی له‌ بردنه‌وه‌ی نازناوه‌كه‌ و ناوی خۆی به‌ زێڕ له‌ مێژووی پاڵه‌وانێتییه‌كه‌ی سه‌ر یاریگای چیمه‌نی به‌ریتانیا ده‌نووسێته‌وه‌

رۆجێر فێدرێر ساڵی 2017 ده‌كاته‌ ساڵی نموونه‌یی خۆی و له‌ ته‌مه‌نی 36 ساڵیدا و دوای‌ 6 مانگ له‌ دابڕان به‌هۆی پێكان و نه‌شته‌رگه‌رییه‌وه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی چاوه‌ڕواننه‌كراو ڕووبه‌ڕووی ڕكابه‌ره‌كانی‌ ده‌بێته‌وه‌، دوای‌ ئه‌وه‌ی نازناوی‌ پاڵه‌وانێتیی كراوه‌ی ئوسترالیای له‌ ڕافائیل نادال برده‌وه‌، ئێستا له‌ یاریی كۆتایی پاڵه‌وانێتیی ویمبڵدۆنه‌وه‌و یه‌ك هه‌نگاو له‌ نۆزده‌یه‌مین نازناوی پاڵه‌وانیتییه‌ گه‌وره‌كانی ناسراو به‌ گراندسلام دووره‌ و له‌ سه‌ره‌تای ئه‌مساڵه‌وه‌ تا ئێستا 31 یاریی ئه‌نجامداوه‌و ته‌نیا 2 یاریی دۆڕاندوه‌و 29 بردنه‌وه‌ی هه‌یه‌ و خاوه‌نی‌ 4 نازناویشه‌ تا ئێستا.

رۆجێر فێدرێر گه‌رچی ئێستا به‌ هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ پیت سامبراس له‌ پێشه‌نگی براوه‌كانی‌ پاڵه‌وانێتیی ویمبڵدۆنه‌وه‌ یه‌كی 7 نازناوی‌ بردوه‌ته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌و به‌ هاوبه‌شی ڕازی نییه‌ و ده‌یه‌وێت به‌ ته‌نیا له‌ پێشه‌وه‌ بێت، هه‌موو ئاماژه‌كانیش بۆ ئه‌وه‌ ده‌چن فێدرێر بۆ جاری هه‌شته‌م تاجی پاڵه‌وانێتیی ویمبڵدۆن له‌سه‌ر بكات و وه‌كچۆن به‌بێ دۆڕاندنی هیچ كۆمه‌ڵه‌یه‌ك گه‌یشتوه‌ته‌ یاریی كۆتایی به‌ هه‌مان شێوه‌ی ساڵی 2008یش به‌ بێ دۆڕانی هیچ كۆمه‌ڵه‌یه‌ك نازناوه‌كه‌ بباته‌وه‌.

رۆجێر فێدرێر له‌ ساڵی 2012 ه‌وه‌ نه‌یتوانی‌ هیچ نازوێكی ویمبڵدۆن بباته‌وه‌و دوو جاریش له‌ یاریی كۆتایی به‌رامبه‌ر نۆڤاك جۆكۆڤیچ له‌ 2014 و 2015 دۆڕاوه‌، ئێستاش كه‌ بۆ جاریی یازده‌یه‌م یاریی كۆتایی ویمبڵدۆن ده‌كات به‌رامبه‌ر مارین سیلیچی كڕواتی ده‌یه‌وێت جارێكی تر له‌گه‌ڵ نازناوه‌ زێڕینه‌كه‌ی كۆنترین پاڵه‌وانێتیی تێنس خۆی ئاشت بكاته‌وه‌.

رۆجێر فێدرێر تا ئێستا هه‌مان سیناریۆی ساڵی 2008 ی‌ دووباره‌ كردوه‌ته‌وه‌، كاتێك له‌و ساڵه‌دا دوای‌ بردنه‌وه‌ی نازناوی‌ ئوسترالیای كراوه‌، نازناوی ماسته‌رزی ئیندیان وێڵز و جامی ماسته‌رزی مه‌یامی به‌ده‌ستهێنا، ئه‌مساڵیش به‌هه‌مان شێوه‌ی هه‌ردوو نازناوه‌كه‌ی بردوه‌ته‌وه‌، له‌سه‌ر یاریگای چیمه‌نیش پاڵه‌وانێتیی هاله‌ی به‌ده‌ستهێناو ئه‌مساڵیش بۆ نۆیه‌مجار بوه‌ پاڵه‌وانی ئه‌و جامه‌، له‌ 2008 بوه‌ براوه‌ی پاڵه‌وانێتیی ویمبڵدۆن و ئێستاش له‌ یاریی كۆتاییه‌.

ڕۆجێر فێدرێر به‌ بردنه‌وه‌ی نازناوی ئوسترالیا له‌ سه‌ه‌رتای‌ ئه‌مساڵ كه‌ بۆ جاری پێنجه‌م بوو له‌ مێژوویدا ئه‌و پاڵه‌وانێتییه‌ بباته‌وه‌ له‌ كۆی شه‌ش یاریی كۆتایی كه‌ پێشتر له‌ ساڵه‌كانی‌ 2004 و 2006 و 2007 و 2010 نازناوه‌كه‌ی به‌ده‌ستهێنا بو، بوه‌ یه‌كه‌م یاریزان له‌ مێژووی تێنسی سه‌رزه‌وی هه‌ژده‌ نازناوی‌ له‌ پاڵه‌وانێتییه‌ گه‌وره‌كانی هه‌بێت، به‌ جۆرێك پێنج نازناوی له‌ پاڵه‌وانێتیی ئوسترالیایه‌و یه‌ك نازناوی له‌ ڕۆلان گارۆسی فه‌ره‌نسایه‌و، حه‌وت نازناوی‌ له‌ پاڵه‌وانێتی ویمبڵدۆندا به‌ده‌ستهێناوه‌و پێنج نازناوه‌كه‌ی تریشی له‌ پاڵه‌وانێتی كراوه‌ی‌ ئه‌مه‌ریكادا به‌ده‌ستهێناوه‌.

مارین سیلیچی كرواتی‌ بۆ دوه‌مجاره‌ له‌ مێژوویدا ده‌گاته‌ یاریی كۆتایی پاڵه‌وانێتییه‌ گه‌وره‌كان و له‌ ساڵی 2014 نازناوی‌ ئه‌مریكای‌ كراوه‌ی به‌ده‌ستهێناوه‌، تا ئێستاش 7 جار به‌رامبه‌ر رۆجێر فێدرێری سویسری یاریی كردوه‌و ته‌نیا یه‌ك جار سه‌ركه‌وتنی به‌سه‌ردا تۆمار كردوه‌و، شه‌ش جاره‌كه‌ی تر یارییه‌كه‌ به‌ سوودی فێدرێر كۆتایی هاتوه‌، دوا یاریشیان له‌ قۆناغی‌ چاره‌كی كۆتایی پاڵه‌وانێتیی ویمبڵدۆن بوو كه‌ فێدرێر دوای‌ 3 كاتژمێر و 17 خوله‌ك یاریی كردن یارییه‌كه‌ی به‌ سێ كۆمه‌ڵه‌ به‌رامبه‌ر دوو كۆمه‌ڵه‌ برده‌وه‌.


تێبینی بنوسە

خوێندراوەتەوە421