وه‌رزش

باتیستوتا داوای‌ له‌ پزیشكه‌كان كردووه‌ قاچه‌كانی‌ ببڕنه‌وه‌

گابرێل باتیستوتا ئاشكرای‌ ده‌كات دوای‌ وازهێنانی‌ له‌یاریكردن به‌هۆی‌ هه‌ست به‌ئازارێكی‌ زۆره‌وه‌ داوای‌ له‌ پزیشكه‌كان كردوه‌ هه‌ردوو قاچی‌ ببڕنه‌وه‌.

له‌چاوپێكه‌وتنێكیدا له‌گه‌ڵ سایتی‌ یه‌كێتیی نێوده‌وڵه‌تی‌ تۆپی‌ پێ، گابرێل باتیستوتا ئاشكرایكرد، دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ به‌یه‌كجاری‌ وازی‌ له‌یاریكردن هێناوه‌، روبه‌ڕوی‌ نه‌خۆشیی زۆر بۆته‌وه‌‌و ته‌ندروستی‌ له‌دۆخێكی‌ خراپدابوه‌.

باتیستوتا وتیشی‌ "ئێستاش هه‌ست به‌ئازارێكی‌ زۆر ده‌كه‌م كه‌ به‌ڕێگادا ده‌ڕۆم، ناتوانم وه‌ك كه‌سێكی‌ ئاسایی ڕێ بكه‌م، 17 ساڵ یاریكردن له‌یاریگادا شتێكی‌ قورسه‌‌و ئێستاش به‌هۆی‌ ئازاره‌وه‌ ده‌ناڵێنم".

له‌به‌شێكیتری‌ قسه‌كانیدا ئه‌و ئه‌ستێره‌ ئه‌رجه‌نتینیه‌ رایگه‌یاند، تۆپی‌ پێ شتی‌ زۆری‌ پێبه‌خشیوه‌، به‌ڵام ته‌ندروستیه‌كی‌ باشی‌ لێسه‌ندوه‌‌و ژیانی‌ وه‌ك كه‌سانی‌ ئاسایی نیه‌.

باتیستوتا له‌كۆتایی قسه‌كانیدا شتێكی‌ مه‌ترسیداری‌ دركاند‌و رایگه‌یاند، به‌هۆی‌ ئازاری‌ زۆره‌وه‌ چه‌ند جارێكه‌ داوای‌ له‌ پزیشكه‌كان كردوه‌ قاچه‌كانی‌ ببڕنه‌وه‌، به‌ڵام ره‌تیانكردۆته‌وه‌‌و چاره‌سه‌ریان بۆ داناوه‌.


تێبینی بنوسە

خوێندراوەتەوە3139