وه‌رزش

تێنسی‌ ویمبڵدۆن: فیدرێر و جۆكۆڤیچ گه‌یشتنه‌ قۆناغی‌ 16

له‌ پاڵه‌وانێتیی‌ تێنسی‌ سه‌رزه‌وی‌ ویمبڵدۆندا، رۆجیه‌ فیدرێر و نۆڤاك جۆكۆڤیچ گه‌یشتنه‌ قۆناغی‌ 16 و گایل مونفیسیش ماڵئاوایی‌ كرد.

له‌ یارییه‌كانی‌ قۆناغی سێیه‌می پاڵه‌وانێتیی تێنسی سه‌رزه‌وی ویمبڵدۆن كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ چوار پاڵه‌وانێتییه‌ گه‌وره‌كه‌ی ساڵ و له‌سه‌ر ئاستی‌ كوڕان، رۆجیه‌ فیدرێری‌ سویسری‌ رووبه‌روی‌ میشا زفیریفی‌ ئه‌ڵمانی‌ بوه‌وه‌.

له‌و یارییه‌دا فیدرێر به‌ ئاستێكی‌ به‌رزه‌وه‌ ده‌ركه‌وت و توانی‌ به‌ 3 كۆمه‌ڵه‌ی‌ خاوێن یارییه‌كه‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندی‌ خۆی‌ كۆتایی‌ پێبهێنێت، خاڵی‌ كۆمه‌ڵه‌كان، 7 به‌ 6 و 6 به‌ 4 و 6 به‌ 4 بوو.

به‌و بردنه‌وه‌یه‌ش فیدرێر گه‌یشته‌ قۆناغی‌ 16ی‌ پاڵه‌وانێتیه‌كه‌.
له‌ یارییه‌كی‌ تردا، نۆڤاك جۆكۆڤیچی‌ سڕبی‌ به‌رامبه‌ر ئارنست گولبیسی‌ لاتیڤی‌ یاریكرد.

له‌ یارییه‌كی‌ به‌هێزی‌ یه‌كلایه‌نه‌دا، جۆكۆڤیچ توانی‌ به‌ 3 كۆمه‌ڵه‌ی‌ بێ‌ به‌رامبه‌ر یارییه‌كه‌ بباته‌وه‌، خاڵی‌ كۆمه‌ڵه‌كانیش 6 به‌ 4 و 6 به‌ 1 و 7 به‌ 6 بوون.

به‌و بردنه‌وه‌یه‌ش جۆكۆڤیچ توانی‌ خۆی‌ بگه‌یه‌نێته‌ قۆناغی‌ 16.

له‌لایه‌كی‌ تریه‌وه‌، گایل مونفیسی‌ فه‌ڕه‌نسی‌ نه‌یتوانی‌ بلیتی‌ قۆناغی‌ 16 مسۆگه‌ر بكات، ئه‌ویش دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ به‌ 3 كۆمه‌ڵه‌ به‌رامبه‌ر به‌ 2 كۆمه‌ڵه‌ به‌ ئادریان مانارینۆی‌ هاونیشتمانی‌ دۆڕاند، خاڵی‌ كۆمه‌ڵه‌كانیش 6 به‌ 7 و 6 به‌ 4 و 7 به‌ 5 و 3 به‌ 6 و 2 به‌ 6 بوو.


تێبینی بنوسە

خوێندراوەتەوە263