وه‌رزش

میسی دڵی هانده‌رانی به‌رشه‌لۆنه‌ی خۆشكرد

لیۆنێل میسی‌ ئه‌ستێره‌ی‌ یانه‌ی‌ به‌رشه‌لۆنه‌ گرێبه‌سته‌كه‌ی‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و یانه‌یه‌ تاكو 2021 نوێكرده‌وه‌‌و بوه‌ خاوه‌نی‌ زۆترین موچه‌ له‌مێژووی‌ تۆپی‌ پێدا.

دوای‌ چه‌ندین گفتوگۆ‌و كۆبونه‌وه‌ دواجار ئیداره‌ی‌ یانه‌ی‌ به‌رشه‌لۆنه‌‌و لیۆنێل میسی‌ گه‌یشتنه‌ رێكه‌وتنی‌ كۆتایی بۆ ئه‌وه‌ی‌ په‌یوه‌ندی‌ نێوانیان درێژه‌ پێبده‌ن.

به‌پێی هه‌واڵێكی‌ سایتی‌ یانه‌ی‌ به‌رشه‌لۆنه‌، ئه‌مڕۆ هه‌ردوولا له‌سه‌ر نوێكردنه‌وه‌ی‌ گرێبه‌ستی‌ نێوانیان رێكه‌وتن‌و تاكو 2021 له‌و یانه‌یه‌ ده‌مێنێته‌وه‌، به‌وه‌ش كۆتایی به‌و هه‌واڵانه‌ دێت كه‌ باسیان له‌رۆیشتنی‌ ئه‌و ئه‌ستێره‌ ئه‌رجه‌نتینیه‌ ده‌كرد.

رۆژنامه‌ی‌ ماركای‌ ئیسپانیش بڵاویكردۆته‌وه‌، له‌به‌ندێكی‌ گرێبه‌سته‌ نوێیه‌كه‌ی‌ میسیدا هاتوه‌ كه‌ ئه‌و یاریزانه‌ دوای‌ ساڵی‌ 2021 توانای‌ نوێكردنه‌وه‌ی‌ بۆ ساڵێكیتر ده‌بێت.

یانه‌ی‌ به‌رشه‌لۆنه‌ له‌گرێبه‌سته‌ نوێیه‌كه‌یدا بۆ میسی‌ گۆڕانكاری‌ گه‌وره‌ی‌ كردوه‌ به‌جۆرێك نرخی‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی‌ بۆ 300 ملیۆن یۆرۆ به‌رز كردۆته‌وه‌‌و له‌هه‌مان كاتدا موچه‌ی‌ ساڵانه‌ی‌ بۆ زیاتر له‌ 35 ملیۆن یۆرۆ زیاد كردوه‌، به‌وه‌ش ئه‌و یاریزانه‌ ئه‌رجه‌نتینیه‌ ده‌بێته‌ خاوه‌نی‌ زۆرترین موچه‌ له‌مێژووی‌ تۆپی‌ پێدا.


تێبینی بنوسە

خوێندراوەتەوە600