وه‌رزش

چینیه‌كان به‌نیازن میلانی‌ راسته‌قینه‌ پیشانی‌ ئیتاڵیا‌و جیهان بده‌نه‌وه‌

یانه‌ی‌ ئه‌ی‌ سی‌ میلان بۆ خۆ ئاماده‌كردن بۆ وه‌رزی‌ داهاتوو گۆرانكاری‌ ریشه‌ی‌ ئه‌نجامدا دوای‌ نوێكردنه‌وه‌ی‌ گرێبه‌ستی‌ راهێنه‌ره‌كه‌ی‌, له‌ بازای‌ گواستنه‌وه‌ی‌ یاریزانانیشدا به‌باشی‌ ده‌ركه‌وت و تا ئێستا 6 یاریزانی‌ گواستۆته‌وه‌, له‌هه‌مان كاتدا ده‌ستبه‌رداری‌ هه‌شت یاریزانیشی‌ بو.

خاوه‌نه‌ چیینه‌كانی‌ یانه‌ی‌ میلان ده‌یانه‌وێت ئه‌و یانه‌یه‌ بگه‌ڕێننه‌وه‌ بۆ سه‌ر سه‌كۆی‌ نازناوه‌كان‌و بیكه‌نه‌وه‌ به‌ ژماره‌یه‌كی‌ قورس له‌سه‌ر ئاستی‌ ئیتاڵیا‌و ئه‌وروپا، به‌تایبه‌تی‌ كه‌ ماوه‌ی‌ چه‌ند ساڵێكه‌ میلانی‌ راسته‌قینه‌‌و مه‌زن وه‌ك تیپێكی‌ ئاسایی ده‌رده‌كه‌وێت‌و مێژووه‌ زێڕینه‌كه‌ی‌ له‌لێواری‌ له‌كه‌داربوندابوو، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش به‌هێزی‌ پاره‌یه‌كی‌ زۆر چه‌ند گرێبه‌ستێكی‌ نوێیان ئه‌نجامداوه‌‌و وه‌ك خۆشیان ئاشكرایانكردوه‌ به‌رده‌وام ده‌بن له‌پته‌وكردنی‌ پێكهاته‌كه‌ی‌ تیپه‌كه‌.

یه‌كه‌م كاری‌ وه‌به‌رهێنه‌ چینیه‌كان به‌خشینه‌وه‌ی‌ متمانه‌ بوو به‌ ڤیچینزۆ مۆنتێلای‌ راهێنه‌ر، چونكه‌ ئه‌و راهێنه‌ره‌ وه‌رزی‌ رابردوو توانی‌ میلان بگه‌یه‌نێنێته‌وه‌ بۆ خوله‌ ئه‌وروپیه‌كان‌و گه‌یاندیه‌ پاڵاوتنه‌كانی‌ خولی‌ ئه‌وروپی‌.

یه‌كێك له‌و گرێبه‌ستانه‌ی‌ میلان كه‌ له‌م هاوینه‌دا ئه‌نجامیدا گواستنه‌وه‌ی‌ ماتیۆ مۆساشیۆی‌ یاریزانی‌ یانه‌ی‌ ڤیاریاڵی‌ ئیسپانی‌ بوو كه‌ بری‌ 20 ملیۆن یۆرۆ تا ساڵی‌ 2021 ئه‌و یاریزانه‌یان بۆ یانه‌كه‌ گواسته‌وه‌.
یه‌كێكیتر له‌ گرێبه‌سته‌كانی‌ ئه‌م هاوینه‌ی‌ میلان, هێنانی‌ فرانك كیسی‌ كۆتدیڤواری‌ و یاریزانی‌ هێڵی‌ ناوه‌راستی‌ یانه‌ی‌ ئه‌تلانتا بوو, كه‌ به‌ شێوه‌ی‌ خواستن و بۆ دوو وه‌رز له‌به‌رامبه‌ر بری‌ 2 ملیۆن 500 هه‌زار یۆرۆی‌  موچه‌ی‌ ساڵانه‌ ئه‌و یاریزانه‌یان برده‌ ریزه‌كانیه‌وه‌.

یانه‌ی‌ ئه‌ی‌ سی‌ میلان له‌ ئینگلته‌راش گواستنه‌وه‌ی‌ ئه‌نجامدا و فابیۆ بۆرینی‌ ئیتاڵی‌ به‌ بری‌ 5 ملیۆن یۆرۆ و بۆ ماوه‌ی‌ یه‌ك وه‌رز به‌ شێوه‌ی‌ خواستن له‌ یانه‌ی‌ سه‌نده‌رلاند كڕی‌.

ئه‌ندریه‌ سیلڤای‌ پرتوگالیش كه‌ به‌ته‌واوی‌ له‌ جامی‌ كیشوه‌ره‌كان گه‌شایه‌وه‌، یه‌كێكتر بوو له‌ گرێبه‌سته‌كانی‌ میلان و یانه‌كه‌  تا ساڵی‌ 2022 گرێبه‌ستی‌ له‌گه‌ڵدا كرد و  38 ملیۆن یۆرۆش له‌سه‌ر رۆسۆنێری‌ كه‌وتوه‌.


یانه‌ ئیتاڵییه‌كه‌ بۆ بازاری‌ گواستنه‌وه‌ی‌ یاریزان ته‌نها به‌ ئینگلته‌راوه‌ نه‌وه‌ستاوه‌یه‌‌و رویكرده‌ ئه‌ڵمانیا و ریكاردۆ رۆدریگێزی‌ سویسری‌  له‌ یانه‌ی‌ ڤۆلفسبۆرگ به‌ بڕی‌ 15  ملیۆن یۆرۆ پێشه‌كی‌ و 3 ملیۆنیش وه‌ك پاداشت له‌كاتی‌ پێشكه‌شكردنی‌ ئاستی‌ به‌رزدا  له‌و یانه‌یه‌ كڕی‌, گرێبه‌سته‌كه‌شی‌ تا ساڵی‌ 2021 درێژه‌ی‌ ده‌بێت.

كۆتا یاریزان كه‌ میلان بۆ ریزه‌كانی‌ گواسته‌وه‌, هاكان كالهانۆگۆلی‌ توركی‌ و یاریزانی‌ بایه‌ر لیڤه‌ركوزن بوو, كه‌ به‌ بری‌ 21 ملیۆن یۆرۆ و بۆ ماوه‌ی‌ چوار ساڵ گرێبه‌ستی‌ له‌گه‌ڵدا ئیمزا كرد, له‌ به‌ندێكی‌ گرێبه‌سته‌كه‌شیدا هاتوه‌ له‌ كاتی‌ پێشكه‌شكردنی‌ ئاستی‌ به‌رزدا ئه‌و یاریزانه‌ 3 ملیۆن یۆرۆی‌ تر وه‌رده‌گرێت.

جگه‌ له‌ هێنانی‌ چه‌ند یاریزانێك یانه‌ی‌ میلان ده‌ستبه‌رداری‌ هه‌شت یاریزانیشی‌ بوو ئه‌وانیش , ماركۆ ستۆراری‌ ئه‌ویش دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ ماوه‌ی‌ خواستنه‌كه‌ی‌ ته‌واو بوو ریزه‌كانی‌ میلانی‌ به‌جێهێشت.

كیسۆكی‌ هۆندای‌ ژاپۆنیش دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ گرێبه‌سته‌كه‌ی‌ له‌گه‌ڵ میلان كۆتایی‌ هات یانه‌كه‌ ئاماده‌ نه‌بوو گرێبه‌سته‌كه‌ی‌ بۆ نوێبكاته‌وه‌و ده‌ستبه‌رداری‌ بوو.

ماتیس فێرناندێزیش گه‌رایه‌وه‌ بۆ یانه‌ی‌ فیۆره‌نتینا ئه‌ویش دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ به‌ خواستن په‌یوه‌ندی‌ به‌ میلانه‌وه‌ كردبوو.
لۆكاس ئۆكامبۆسیش ماوه‌ی‌ خواستنه‌كه‌ی‌ له‌گه‌ڵ میلان كۆتایی‌ هات و په‌یوه‌ندی‌ به‌ یانه‌ی‌ جه‌نه‌وای‌ ئیتاڵیه‌وه‌ كرده‌وه‌.

ماریۆ باسالیچیش كه‌ له‌ یانه‌ی‌ چێڵسیه‌وه‌ به‌ خواستن رویكردبوه‌ میلان ماوه‌ی‌ خواستنه‌كه‌ی‌ كۆتایی‌ هات و گه‌رایه‌وه‌ بۆ یانه‌ ئینگیلیزییه‌كه‌.
جیرارد دیۆلۆڤیۆش په‌یوه‌ندی‌ به‌ ئیڤه‌رتۆن كرده‌وه‌ كه‌ ئه‌و یانه‌ ئینگلیزییه‌ش به‌ خواستن له‌ به‌رشه‌لۆنه‌ی‌ وه‌رگرتبوو.

دیگۆ لۆپێزی‌ گۆڵچیش یانه‌كه‌ی‌ به‌جێهێشت و به‌یه‌كجاری‌ په‌یوه‌ندی‌ به‌ یانه‌ی‌ ئیسپانیۆلی‌ ئیسپانیه‌وه‌ كرد.

هه‌روه‌ها یانه‌ی‌ میلان به‌ سودی‌ یانه‌ی‌ بۆڵۆنیا ده‌ستبه‌رداری‌ ئه‌ندریا بۆلیش بوو.

ئه‌وه‌ی‌ ئێستا چینیه‌كانی‌ سه‌رقاڵ كردوه‌ جیان لویجی‌ دۆنارۆمای‌ گۆڵچیه‌‌و هه‌وڵی‌ ئه‌وه‌ ده‌ده‌ن له‌ تیپه‌كه‌دا بیهێڵنه‌وه‌، به‌تایبه‌تی‌ كه‌ ماوه‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر به‌هۆی‌ كێشه‌ی‌ داراییه‌وه‌ گرێبه‌ستی‌ نێوانیان كه‌وته‌ مه‌ترسیه‌وه‌، به‌جۆرێك خاوه‌نی‌ یانه‌كه‌ بڕیاریدا وه‌ك سزایه‌ك بیخاته‌ سه‌ر كورسی‌ هانده‌ران‌و ته‌نانه‌ت تا ساڵی‌ داهاتوش به‌هیچ یانه‌یه‌كی‌ نه‌فر‌وشن، به‌ڵام ئێستا دۆخه‌كه‌ گۆڕاوه‌‌و دۆنارۆما ئاماده‌یی ده‌ربڕیوه‌ گرێبه‌سته‌كه‌ی‌ نوێبكاته‌وه‌.


تێبینی بنوسە

خوێندراوەتەوە394