زانست

دەستەمۆکردنی پشیلە بۆ نزیکەی نۆ هەزار ساڵ دەگەڕێتەوە

دەستەمۆکردنی پشیلە بۆ نزیکەی نۆ هەزار ساڵ لە رۆژهەڵاتی نزیک دەگەڕێتەوە.

بەپێی هەواڵێکی کەناڵی BBC، توێژەرانی نێودەوڵەتی لە رێگەی وەرگرتنی نموونەیی DNA بۆ زیاتر لە ٢٠٠ پشیلە کە لە ناوچەکانی گۆڕەستانی ڤیکینگ، مۆمیاکانی میسر و چاخی بەردین هێنابوویان، ئاشکرایان کرد یەکەم نموونەی دەستەمۆکردنی پشیلە بۆ نۆ هەزار ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە.

لە رێگەی شیکارکردنی نموونەکانی دی ئێن ئەی لەسەر پشیلەکان دەرکەوتووە لەگەڵ دەستکردن بە چاندن و بەرهەمهێنانی کشتوکاڵ لە سەر خاکی رۆژهەڵاتی نزیک نۆ هەزار ساڵ لەمەوبەر دەستکراوە بە دەستەمۆکردنی پشیلە.

دوای چەند هەزار ساڵێک لە میسری کۆنیش پشیلە دەستەمۆ کران. لە سەردەمی رۆمانەکانیش ئەو جۆرە پشیلانە بە ئەورووپادا بڵاوبوونەوە و لە سەردەمی ڤیکینگیش بردرانە ناوچە دوورەکان.

لە ئاکامی وەرگرتنی ئەم نموونەدا دەرکەوتووە ئەو پشیلانەی لە بەندەری ڤیکینگ بوون لە رێگەی بازرگانی دەریاوە بۆ باکووری ئەورووپا گوازراونەتەوە.

پێشەنگی توێژینەوەکە کە لە پەیمانگای Jacques Monod کار دەکات دکتۆر ئەڤا-ماریا گەیگڵ، وتی: "یەکەمجار لە رۆژهەڵاتی نزیک و دواتر لە میسر پشیلەی دەستەمۆکراو بینراوە. دواتر پشیلەکان بە کەشتی بازرگانی گوازراونەتەوە بۆ جیهانی شارستانی یۆنان و رۆمای کۆن. لە ئێستا بینینی ئەو جۆرە پشیلانە لەو دوو ناوچەیە بەدی دەکرێت".


تێبینی بنوسە

خوێندراوەتەوە3054